عن الكتاب
نووسەر: ئەدهەم شەرقاوی وەرگێڕ: ئازاد عەباس گڵێجاڵی لە دوور ڕا هات بەژن و باڵای هێندە بەرز بوو، دەتگوت خزمی دار چنارە.. هێند پتەو بوو، دەتگوت پارچەی کەژ و کێوە.. دەستی چەپی گاڵۆکێکی پێ گرتبوو، بۆ وەی نەبوو خۆی بە گۆچان ڕاگیر بکا، وەها دەیچەقاند بە خاکا، وەک بیەوێ سووڕی زەوی بووەستێنێ .. ڕیشی پڕ و ماش و برنج، تاڵی ڕەشی هێندە ڕەش بوو، وەک ڕەشیی بەردە ڕەشەکە، سپیەکەی هێندە سپی بوو، وەک پشتەماڵی حاجییان.. پۆشاکی هێندە کۆنە بوو، دەتگوت عارەبی هەژارە.. دەموچاوێکی نوورانی و ناوچاوی گەش، سیمای وەک گۆڕەپانی جەنگ لێکردبوو. دەزانی بۆ؟! بریسکەی هەردوو چاوانی، دەتگوت تیشکی تیژی خۆرە کاتێ لە مەیدانی جەنگا لە شمشێری دەبان دەدا.. ئا لەم ڕەنگە کەم کەس هەبوو، مرۆڤێکی وەها نەبوو هەموو جارێ لە وێنەی ئەو بەدی بکەی.. هەرچی پەسن و مەدحی هەبوو، نوێنەری چیرۆکێک بوون، بگرە چەند چیرۆکی جیا جیا.. وردە وردە لێم نزیک بوو، گەشتە لای من، ویستم پرسیاری لێ بکەم: ”قوربان تۆ کێی؟!“ بەڵام پیاو و مەردی وا هەن، هێندە بە سام و هەیبەتن، مرۆی بە غیرەتی دەوێ لەلایان لێو بترەکێنێ و گفت و لفتی ناو دڵی خۆی ئاشکرا کا.. ئەویش پیاوێکی